
جاڕنامەی ۹۱
خەڵکی ئێمە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە لە پێناو بەدەستهێنانی مافی هاوڵاتیبوون و چەسپاندنی یەکسانی و دامەزراندنی حکوومەتێکی سنووردار کە هەڵقوڵاوی دەنگ و ویستەکانی خۆیەتی، هەوڵ دەدات. رژێمە یەک لەدوای یەکەکان سەرەڕای واژو کردنی جارنامەی مافی مرۆڤ و سەرجەم کۆنڤانسیۆنەکانی تر،هیچکات پابەند بە یەکێک لە بڕگەکانی نەبوون. کۆنتڕۆڵ کردنی دەسەڵات لە ئێران بووە بە قەیرانێکی لەمێژینە و خەڵکی ئێمە لە مێژوودا چەندین جار هەوڵیان داوە بنەماکانی دەسەڵات و حکومەت بخەنە ناو چوارچێوەیەکی یاسایی و رێکوپێک و لەبەردەم ئیرادەی هاوڵاتیاندا بەچۆکی دابێنن. لە ئەزموونی دووجار شۆڕشکردندا هیچیان نەیانتوانی ببنە هۆکار بۆ بەرپابوونی دەوڵەتێکی بەرپرسیار و خەڵک سالار و هەرجارەو رووخانی حکومەتی پێشووتر زەمینەیەکی لەباری خوڵقاند بۆ دروستبوونەوەی حکومەتێکی پاوانخواز و سەرەڕۆتر. ئێستا ئێران بە هەلومەرجێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێت و پاوانخوازان بە خراپ سوود وەرگرتن لە دروشمە ئاینییەکان، بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگەیان کردوە بە گەپجاڕی دەستی خۆیان و سەرەڕای پێشێلکردنی مافە مرۆییەکان بێ هیچ سڵکردنەوەیەک هەوڵ دەدەن کۆی سەرچاوە و پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و وڵات بکەن بە موڵکی تایبەتی خۆیان و بیخەنە خزمەت پاراستنی دەسەڵات و رژێمەکەیان. ئەم سەرەرۆیی و کایە کردن بە بەها مرۆییانە هۆکارە بۆ دروستبوونی قەیرانی سیاسی و زیادکردنی رێژەی هەژاری و داڕمانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پاشکەوتوویی فەرهەنگی و گۆشەگیری جیهانی و قوربانیدان. ئێمەی ئێرانی بۆ بەجێهێشتنی سەرەرۆ و داگیرکاران و بۆ گەیشتن بە خەڵکسالاری دەبێ پێداچوونەوە بە فەرهەنگی سیاسی خۆماندا بکەین و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بۆ بکەین. پێشمەرجی سڕینەوەی پاوانخوازی لە پانتایی سیاسی وڵاتدا بەندە بە بەفەرمی ناساندن و باهادان بە فرەچەشنی بیروڕا و بۆچوونە سیاسییەکان. نەبوونی ژێرخانێکی ئەخلاقی کە لەسەر بنەمای بەها مرۆییەکان وەستابێت تا ئەو ساتەوەختەش بووە بە بەربەست لە بەردەم گەشە سەندن و بەردەوامی گرووپە سیاسییەکان و بە شێوەیەکی کرداری خزمەتی بە بەردەوامی ستەمکار کردووە. پێویستە لایەنە سیاسییەکان لێکدانەوەکانیان لەسەر بنەمایەکی بەڵگەنەویست بێت کە ئەویش پابەندبوونە بە ئەخلاقی مەدەنی و بەها مرۆییەکان. پابەندبوون بەم بنەمایانە هۆکارە بۆ دەوڵەمەند کردنی فەرهەنگی سیاسی و پەرەپێدان و چەسپاندنی دیالۆگی مەدەنی و رەد کردنەوەی توندووتیژی و پاراستن و بڕەودان بە خەڵکسالاری و ئازادییە تاکە کەسییەکان.
ئەم جاڕنامەیە هەوڵێکە بۆ بە دۆکیۆمێنتکردنی ئەو بنەما و بەها و رەوشتانەی کە هەڵقوڵاوی ئەخلاقی مرۆڤایەتین و هەوڵی چەن سەدەی رابردووی خەڵکانی سەرانسەری ئەو کەونەیە بۆ ژیانەوەیەکی نوێ لەپێناو دامەزراندنی حکومەتێکی رەوا و بەرپرسیار کە هەڵقوڵاوی ئیرادەی خۆیان بێت.
جاڕنامەی ٩١ هەوڵێکە بۆ هێماکردنی کۆلکەزێڕینەی کۆمەڵگەی ئێران. هەروەک کۆلکەزێڕینە رەنگە جیاوازەکان لەدەوری یەکتر دەدرەوشێینەوە و وەک کەوانێک پانتایی ئاسمانی وڵاتمان دەڕازێنینەوە.
ئێمە، ئەوانەی واژوومان لەسەر ئەو جاڕنامەیە کردووە بڕوامان هەیە:
بە یەکسانی مرۆڤ و باش دەزانین بەختەوەری هەر ئێرانییەک بەندە بە ئاشتی و دۆستایەتی لەگەڵ سەرجەم نەتەوەکانی تری سەر ئەم کەونە.
مرۆڤ ئازاد و سەربەخۆیە، بوونی لە کۆمەڵگەدا لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پێکهاتە و گرێبەستە کە دەستکردی مرۆڤ خۆیەتی و نابێ ئەو بنەمایانە ببن بە هۆکار بۆ هەڵاواردن یان بەجیا سەیر کردنی.
مرۆڤ لە هەڵبژاردنی خوا و ئاینی خۆیدا ئازادە و بەهەمان شێوە لە دەستبەردان و پاشگەزبوونەوەشیدا سەربەستە.
دەبێ حکوومەت و دامەزراوە ئاینییەکان لەیەکتری جیا بکرێنەوە، چوونکە دەستوەردانی دامەزراوە ئاینییەکان لە کاروباری دەوڵەت یان پێچەوانەکەی زەرەر بەر هەردوولا دەگەیەنێت و زەمینە خۆش دەکات بۆ ستەمکاری و تاکدەنگی و هەروەها پێشێلکردنی مافی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە.
بەختەوەری کۆمەڵگە بەندە بە پابەندبوونی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە بە یاسا و هەست بە بەرپرسیارییەتی کردنە لەهەمبەر داهاتووی خۆیان و کۆمەڵگەدا.
کۆمەڵگەی چالاک ئەو کۆمەڵگەیەیە کە تیایدا دۆزینەوەی حەقیقەت، لێپرسینەوە و رەدکردنەوەی توندوتیژی بووبن بە بەهایەکی جەوهەری.
بەختەوەری کۆمەڵگە بەندە بە داڕشتنەوەی سیستەمی دادوەرییەک کە لە ئەندێشەو کارکردنیدا دوربێ لە توندوتیژی و دادپەروەرانە هەڵسوکەوت بکات.
سزای لەسێدارەدان دادپەروەری مسۆگەر ناکات و تەنها هۆکارە بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا.
تەنها سەرچاوەی هێز و شەرعییەتی حکوومەت ئیرادەی خەڵکە. ئیرادەیەک کە لەرێگەی هەڵبژاردنێکی ئازادەوە زەمینە خۆشدەکات تا هەموان بەبێ هیچ پێشمەرجێک خۆیان بپاڵێون و دەنگ بدەن.
ناکرێ بە پاساوی زۆرینە، مافی کەمینە لاواز یان پێشێل بکرێت.
پاراستن و بەهەند وەرگرتنی کەلتوور و زمانی ئیتنیکەکان رێگەخۆشکەرە بۆ پەرەسەندنی فرەلایەنی و دانبەیەکدانان لە کۆمەڵگەدا.
تاکەکان سەرمایەی هەرە مەزنی وڵاتن و گەشەی کۆمەڵگە بەندە بە لەبارکردنی زەمینەیەک کە تیایدا تاکەکان بتوانن پەرە بە تواناییەکانیان بدەن.
کاتێک وڵات بەردەوام لە گەشەکردندا دەبێت کە پەرە بە سیاسەتی تواناسازی و توانابەخشی بدات نەک خێرپێکردن و بەخشینەوەی هاکەزایی سەرچاوەکانی وڵات.
نەهێشتنی هەڵاواردن و داگیرکاری ئەرکی دەوڵەتە و دەبێ هەلی یەکسان و بێ جیاوازی بخوڵقێنێت بۆئەوەی هاوڵاتیان بگەن بە ئاسودەیی و کامەرانی و دەوڵەت پارێزەری کەرامەت و سەروماڵ و هەرێمی تاکەکەسی خەڵک بێت و بەبێ هیچ جیاوازییەک یاسا بەسەر هەمواندا پیادە بکات.
دەسەڵاتی زیادەڕۆ و بێ سنوور کە لەلایەن چەند کەسێکەوە دەستی بەسەردا گیرابێت دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ گەندەڵی و چارەڕەشی. حکوومەت دەبێ دەسەڵاتەکەی دیاریکرا و سنووردار بێت و لەلایەن هاوڵاتیان و رێخراوە مەدەنیەکانەوە چاودێری بکرێت و لێپرسینەوەی لێ بکرێت.
بوونی یاسا بۆ نەهێشتنی هەڵاواردن و داگیرکاری و بەربەستەکانی گەشەکردنە و هەروەها هۆکارە بۆ پەرەپێدان و گەرەنتی کردنی دادپەروەری و پاراستنی مافی تاکەکەسی و نەهێشتنی ئالۆزی کۆمەڵایەتی. هەربۆیە دەبێ توندوتۆڵانە هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی نەهێڵین کەڵک لە یاسا و دەزگاکانی یاسادانان وەربگیرێت یاخود دەستوەردرێتە یاساوە بۆ پەرەپێدانی دەسەڵات لەلایەن دەوڵەتەوە.
ئاڵوگۆڕکردنی را و ئەندێشەکان گەرەنتییە بۆ تەندرووستی و پێشکەوتنی کۆمەڵگە.
تەنها پسپۆڕ تەوەرییە کە دەشێ وەک بنەمایەکی دادپەروەرانە کەڵکی لێ وەربگیرێت بۆ گەشەکردن و بەدەستهێنانی پلەوپایە لە سەرجەم دامەزراوەکانی وڵاتدا.
میدیا ئازادەکان ئاوێنەی کۆمەڵگەن و کۆڵەکەی سەرەکین بۆ سەلماندنی خەڵکسالاری و هەبوونی کۆمەڵگەیەکی ئازاد.
ئەو خاڵانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکرێت رەنگدانەوەی بیر و بڕوای ئێمەیە بۆ مافە سەرەتاییەکانی هەموو تاکێکی ئێرانی و هەروەها بۆ داهاتووی ئێرانیش.
ماف و بەرپرسیارییەکانی خەڵک
ئێران بەبێ هیچ مەرجێک هی هەموو ئێرانییەکە و ناتوانی هیچ ئێرانییەک لە مافی نەتەوەیی یان پاشگەزبوونەوەی لەو مافە بێبەش بکەیت.
مافی هاوڵاتیبوون بۆ هەموو ئێرانییەک یەکسانە.
سەرجەم هاوڵاتیان و دانیشتووانی ئێران و هەموو ئەوانەش کە بە هەر شێوەیەک لەژێر حوکم یاخود پانتایی دەسەڵاتی ئێراندان، سودمەند دەبن لەو مافە سەرەتاییانەی کە لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤدا ئاماژەیان پێدراوە.
پێڕەوکردنی یاسا ئەرکی سەرجەم هاوڵاتیانە.
هەموو ئێرانییەک مافی ئەوەی هەیە بۆخۆی شوێنی ژیانی هەڵبژێرێت و ئازادانە لە هەموو شوێنێکی ئەم وڵاتەدا هاتووچۆ بکات.
هیچیەک لە تایبەتمەندییەکانی وەک رەگەز، جێندەر، زمان، ئاین، بیر و بڕوا، کۆمەڵایەتی و چینایەتی نابن بە بنەما بۆ هەڵاواردن یاخود بە زۆر سەیرکردنی هاوڵاتیان.
ئیرادەی خەڵکی ئێران بنەمایە بۆ یەکپارچەیی ئێران و سەرچاوەی دەسەڵاتی حکوومەت. ئەم ئیرادەیە دەبێ لەڕێگەی هەڵبژاردنێکی شەفاف و ئازد و یەکساندا بەپێی رێسا نێودەوڵەتییەکان و بە بەشداری سەرجەم هاوڵاتیان بەرجەستە بکرێت.
هەموو ئێرانییەک مافی خۆیەتی ئازادانە و بەبێ هیچ مەرج و سنوورێک بیر بکاتەوە.
هەموو ئێرانییەک بەپێی بنەماکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ، مافی رادەربڕینی هەیە.
هەموو ئێرانییەک ئازادە لە چۆنیەتیی پۆشین و خۆ رازاندنەوە لەناو کۆمەڵدا.
هەموو ئێرانییەک مافی دامەزراندن و بەشداری کردنی هەموو جۆرە رێخراوێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری یان ئاینی هەیە.
هەموو ئێرانییەک ئازادە لە بەڕێوەبردن یان بەشداری کردنی لە خۆپێشاندانی ناتوندووتیژانە بە هەر مەبەستێک بێت.
هەموو ئێرانییەک مافی خۆیەتی ژیانێکی ئازادی هەبێت و کەسێکی خۆش بوێت و کەسێکیش ئەوی خۆش بوێت و مافی خۆشێتی ئاسایش و ژیانێکی بەختەوەری هەبێت.
هەموو ئێرانییەک مافی ئازادی ئاین و بڕوا و ئازادبوون لە ئاینی هەیە.
ئاستی ژیان و گوزەرانێکی شەڕافەتمەند مافی هەموو بنەماڵەیەکی ئێرانییە، ژیانی شەڕەفمەندانە گەرەنتییە بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییەکانی وەک تەندرووستی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و لانیکەمی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خانوو و خۆراک و جلوبەرگ.
هەموو ئێرانییەک مافی خۆیەتی پەروەردە بنەڕەتییەکانی بۆ دەستەبەر بکرێت.
هەموو ئێرانییەک مافی هەڵبژاردنی کار و دەستنیشانکردنی چارەنووسی ئابووری خۆی هەیە، ئێرانییەکان مافی تەواوەتیان هەیە ئازادانە چالاکی ئابووری ئەنجام بدەن.
خاوەندارێتی تاکە کەسی جێگەی رێزە و دەبێ رێگری لە هەرجۆرە دەستوەردانێک چ لەلایەن دەوڵەت و چ تاکەکان بکرێت بۆ ئەم مەبەستە.
دەبێ رێز لە هەرێمی تاکە کەسی و بنەماڵەیی و کەرامەتی تاکەکان بگیرێت.
هەموو ئێرانییەک مافی هەڵبژاردنی ژیانی جێندەری خۆی هەیە.
بەرهەمە زانستی و ئەدەبی و هونەرییەکان هی بەرهەمهێنەرەکانیانن و دەبێ رێز لە خاوەندارێتی و داهێنان و دۆزینەوە و بەرهەمهێنەران بگیرێت و بپارێزرێن.
مافی ژنان
ژن خاوەنی رۆح و جەستەی خۆیەتی و بەدەر لە هەرچەشنە بەربەستێکی باوکسالارانە خۆی چارەنووسی خۆی دیاری دەکات.
نابێ هیچ جیاکاری یان هەڵاواردنێک بکرێت بۆ بەشداری کردنی ژنان لە چالاکییەکانی کۆمەڵگەدا.
پێشکەوتنی هەمەلایەنەی کۆمەڵگە بەندە بە نەشونما کردنی تواناییەکانی ژنان لە پانتایی گشتیدا.
دەبێ سەرجەم بەربەستەکانی بەردەم ژنان بۆ گەیشتنیان بە بەرزترین پلەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سەربازی و زانستی لەناو کۆمەڵگەدا وەلا بندرێت.
ژنان لە هەموو بوارەکانی «ماف»دا لەگەڵ پیاوان یەکسانن و هیچ پاساوێکی یاسایی ناتوانێ ببێتە بەربەست بۆ ئەم بابەتە.
ژنان لەماوەی دووگیانی و منداڵبووندا مافی تایبەتییان لە زەمینەی کارکردندا هەیە.
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەرپرسیارییەتییەکی ئەخلاقی و فەرهەنگی کۆمەڵگە و تاک بە تاکی هاوڵاتیانە و حکومەت بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان بەرپرسیارییەتی یاسایی هەیە.
مافی کرێکاران و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان
هاوسەرگیری دەبێ بە ویست و رەزامەندی هەردوو لایەن ئەنجام بدرێت.
خۆپێشاندان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی، مافی بێ ئەملاوئەولای هاوڵاتیانە.
پابەندبوون بە بنەماکانی رێخراوی نێودەوڵەتی کار «کە ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی واژووی لەسەر کردووە» مەرجە بۆ رێکخستن و کارپێکردنی یاساکانی کارکردن لە وڵاتدا.
دامەزراندنی رێخراوەکانی کرێکاری و سنفی و شوراکانی کرێکاری مافی بنەڕەتی هێزەکانی کارە لە وڵاتدا.
دیاریکردنی لانیکەمی مووچە گرنگە و دەبێ ئەو بڕە دیاریکراوە دابینکەری لانیکەمی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بێت و نابێ مووچە دیاریکردن و پێدانی مووچە نادادپەروەرانە بێت.
مانگرتن و بیمەی بێکاری، لە مافە بنەڕەتییەکانی کرێکارانە.
مافی کەمینەکان
ئێران پێکهاتەیەکە لە ئەتنیک و فەرهەنگ و زمان و ئاینە جیا جیاکان کە هەموویان مافی هاوڵاتیبوونی یەکسانیان هەیە.
فرەجۆری ئەتنیک و زمان و ئاین، یەکێکە لە گەورەترین سەرمایە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتی ئێمە و دەبێ بۆ پاراستنیان بەباشی تێبکۆشین.
سەرجەم کەمینە ئەتنیکی و زمانی و ئاینییەکان، مافی پاراستن و پەرەپێدانی فەرهەنگ و خوێندن بە زمانی زگماکی و قسەپێکردنیان هەیە.
نابێ بە پشتبەستن بە دەنگی زۆرینە، مافی هیچ کەمینەیەک زەوت بکەیت.
دەبێ لە رەشنووسی هەمیشەیی دەستووری وڵاتدا ئاماژە بە مافی هەموو کەمینەیەک بدرێت.
هاوڕەگەز بازەکان وەک سەرجەم هاوڵاتیانی تر لە هەموو رەهەندەکاندا یەکسانن.
دادپەروەری
جێبەجێکردنی یاسا و دادپەروەری نابێ بگاتە ئاستی تۆڵە کردنەوە و توندوتیژی.
پێویستە دادگە و پێکهاتەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بێلایەن و سەربەخۆ و پارێزراو بێت و بەدوور بێ لە هەموو لایەنەکانی دەسەڵات و سیاسەت.
هەموان لەبەردەم یاسادا یەکسانن و هیچ پاسا و جیاکارییەکی یاسایی قبوڵ ناکرێت.
پەرەپێدانی دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا ئەرکێکی مرۆییە و هەموو هاوڵاتییەک لەسەریەتی لەبەرامبەر هەر نادادپەروەرییەکدا بوەستێتەوە.
هەموو کەسێک بێتاوانە مەگەر ئەوەیکە لە دادگەیەکی بێلایەندا کە پێڕەوی بنەما نێودەوڵەتییەکان بێت، بسەلمێندرێت کە تاوانێکی ئەنجام داوە.
هەموو کەسێک مافی ئازادی و ئاسایشی تاکەکەسی خۆی هەیە و بەبێ بڕیاری دەستگیرکردن لەلایەن دادگەوە یاخود ئاشکرابوونی تاوانێک لەسەری نابێ سەربەخۆ دەستبەسەر بکرێت یان بخرێتە زیندانەوە.
هەموو گومانلێکراوێک مافی دەستنیشانکردنی پارێزەری هەیە و دەبێ لە کەمترین ماوەدا رەوانەی دادگە بکرێت.
هەرکەسێک بەبێ رەچاوکردنی قۆناغە یاساییەکان زیندانی یان دەستبەسەر کرابێ، مافی قەرەبوو کردنەوە دەیگرێتەوە.
هەر جۆرە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونی بەتایبەت کاتێک کە مردنی لێ بکەوێتەوە دوورە لە دادپەروەرییەوە.
پێویستە بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکان شەفاف بن و رێخراوە مەدەنی و مافخوازە نێودەوڵەتییەکان بە ئاسانی دەستیان پێی رابگات.
حکوومەت، رێخراوە و پێکهاتەکانی سەربە حکوومەت
حکوومەت لەسەر بنەمای رێکەوتن پێکهاتووە و رەنگدانەوەی ئیرادەی سەرجەم گەلی ئێرانە لەناو چوارچێوەیەکی یاسایی و رێکوپێکدا.
ئیرادەی زۆرینە ناتوانێ مافی کەمینە پێشێل بکات.
دەبێ حکوومەت دوور بێت لە دەستوەردان لە دامەزراوە ئاینییەکان و بەبێ جیاوازی رێز لە سەرجەم ئاینەکان بگرێت.
حکوومەت نوێنەر و دەمڕاستی هیچ ئاینێک نییە و دەبێ بێلایەنی خۆی سەبارەت بە سەرجەم ئاینەکان بپارێزێت.
دەبێ پێکهاتەی حکوومەت رێگربێ لە کۆکردنەوەی دەسەڵات لەلایەن چەند کەسێکەوە و رێگر بێت لە درووستبوونی پاوانخوازی لە ئاستی گشتی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
حکوومەت مافی سەرپەرشتی کردنیی باوکسالارانەی کۆمەڵگەی نییە و دەبێ سەبارەت بە کردار و بەڕێوەبردنی وڵاتدا لەبەردەم هاوڵاتیان بەرپرسیار بێت.
حکوومەت دەبێ رێز لە ماف و دەسەڵاتی سەرجەم وڵاتانی جیهان بگرێت.
حکوومەت بۆی نییە سەربەخۆ مافی تاکەکەسی هاوڵاتیان زەوت بکات.
سەرچاوە و سامانە گشتییەکان هی هەموو خەڵکە، وەگەڕخستن و دەرهێنانی سامانە سرووشتییەکان پەیوەستە بە ئیرادەی نەتەوەیی خەڵکەوە.
دامەزراوەکانی دەوڵەت و کارمەندەکانی، مافی خراپ بەکارهێنانی سەرچاوە و سامانی گشتییان نییە.
نابێ سەرچاوەی داهاتی دەوڵەت سەربەخۆ و بەدەر لە خەڵک بێت، هاوڵاتیان تاکە سەرچاوەی داهاتی دەوڵەتن. هاوڵاتیان و کۆمپانیا بازرگانی و ئابوورییەکان لەڕێگەی پێدانی باج و ماڵیاتەوە بەرپرسن لە دابینکردنی خەرجییەکانی بەڕێوەبردن و پێشخستنی وڵات.
حکوومەت دەبێ ئاسایش و سەلامەتی هەڵبژاردنەکان گەرەنتی بکات «لەسەر بنەمای پێڕەوە نێودەوڵەتییەکان» و رێگە خۆش بکات بۆ چاودێری بەربڵاوی رێخراوە مەدەنییەکان.
حکوومەت مافی داگیرکردنی میدیا گشتییەکانی نییە و ناشتوانێ لەڕووی میزاجەوە میدیا سەربەخۆ و ئەهلییەکان سنووردار بکات.
حکوومەت بۆی نییە لێپێچینەوە لە رۆژنامەنووسان و میدیاکاران بکات لە بەرامبەر گەیاندنی هەواڵ و ئاشکراکردنی ئەو هەڵانەی پەیوەستن بە پانتایی گشتییەوە.
حکوومەت دەبێ پێشەنگ بێ لە بڕەودان و بەرەوپێشبردنی فەرهەنگی ناتوندوتیژی.
دەستوور رەنگدانەوەی خواستی خەڵکە و هەموارکردنەوە یان گۆڕینی پەیوەستە بە ئیرادەی خەڵکەوە.
سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان ئەرکە لەسەریان دەستوور بەبێ هیچ کەمووکوڕیی و جیاوازییەک پێڕەو بکەن.
ئەرکی سەرجەم هێزە چەکدارەکان «هەر لە سوپاوە بگرە تا پۆلیس و ئاسایش» دابینکردنی ئاسایشی هاوڵاتیان و بە هانا چوونیانە.
نابێ هێزە چەکدارەکان لە خزمەت ئامانجەکانی گروپ و لایەنێکدا بن و ناشبێ بە هیچ شێوەیەک دەست لە کاروباری ئابووری وڵات وەربدەن.
سەرجەم هاوڵاتیانی ئێران مافی ئەوەیان هەیە لە سوپا و ئاسایش و پۆلیسدا بەشداری بکەن.
ئەندامە رەسمییەکانی ناو سوپا و ئاسایش و پۆلیس مافی ئەندامییەتی هیچ حیزبێکی سیاسییان نییە.
ئەندامە رەسمییەکانی ناو هێزە چەکدارەکان ئەرکە لەسەریان پابەندی ئەو پرەنسیپە سەربازییانە بن کە لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ نووسراونەتەوە.
سامانە سرووشتییەکان، ئاسەوار و پاراستنی ژینگەی ئێران
سامانە سرووشتییەکان، ئاسەوار و بینا مێژووییەکان و ژینگە، گەورەترین و گرنگترین دەستمایەی جوگرافیایی و نەتەوەیی وڵاتن.
نابێ سوود وەرگرتن لە سامانە سرووشتییەکان تا رادەیەک بێت کە ببێتە هۆکاری مەترسی لەناوچوونی.
پاسەوانی و پاراستنی ژینگە و سامانە سرووشتییەکان ئەرکی سەرجەم هاوڵاتیانە.
هر جۆرە تێکدانێکی هەڕەمەکیانە و دەستوەردانێک لە ژینگە بۆ هەموو کەس و لایەنێک قەدەغەیە.
ئەرکە لەسەر حکوومەت یاسای پاراستنی ژینگە بچەسپێنێ و جێبەجێی بکات.
بوونەوەرەکان لەسەر ئەم گۆی زەوییە هاوبەشی مرۆڤن، بۆیە پێویستە رێز لە مافەکانیان بگیرێت.
هەر چەشنە پێشێلکردنێکی مافی بوونەوەران بریندارکردنی سیمای شارستانییەتی مرۆڤە، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و ئازاردانی ئاژەڵەکان ئەرکی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەیە.
جاڕنامەی ٩١ رێخراوێکی سیاسی نییە و هیچ لیستێکی نییە بۆ ناونووسی ئەندامەکانی و واژوو کردنی تەنها مەرجی هاوڕابوونە لەگەڵ ناوەڕۆکی جاڕنامەکە. ئەم جاڕنامەیە نە دەیهەوێ زەمینە خۆش بکات بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە ئێراندا و نە ریکلام و بانگەوازە بۆ حیزب و مەڕامێکی سیاسی دیاریکراو. ئێمە «ئەوانەی واژوومان کردووە» باوەڕمان وایە کە نەک هەر دەمانهەوێ سیاسەت و حکوومەت دابەزێنینەوە بۆسەر زەوی بەڵکوو نیازمانە لە بەرامبەر خواستەکانی خەڵکدا بەچۆکی بهێنین. کشتگیر کردنی خاڵەکانی ناو ئەم جاڕنامەیە، تەنها بە هاوکاری و بەشداری چالاکانەی خەڵکی ئێران مسۆگەر دەبێت. هەربۆیە ئێمە «ئەوانەی واژوومان کردووە» بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە لە رەوتێکی کراوە و شەفافدا و بە هاوبەشی خەڵک و چالاکە مەدەنییەکان، ناوەڕۆکی ئەم جاڕنامەیە پێش بخەین و بە زیندوویی بیهێڵینەوە.
نیازی ئێمە پتەوکردنی ئەخلاقی مەدەنی و بەها مرۆییە جیهانشمولەکانە لە پانتایی سیاسەتی وڵاتماندا.
* بەهیچ شێوەیەک نابێ ناوەڕۆکی ئەم جاڕنامەیە لە دەرەوەی راگەیەندراوی جیهانی مافی مرۆڤ شڕۆڤە بکرێت.
تکایە رەزامەندی خۆتان بۆ واژوو کردنی ئەم جاڕنامەیە لە رێگەی ئەم ئیمێڵەوە بنێرن manshoor91@gmail.com
لەگەڵ: ناوی تەواوی خۆت، بواری چالاکی کردنت (بە دڵخواز)، شار و وڵات.